۳۰ی رەزبەری ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

هەوڵی دڵسۆزان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە کۆڕۆنا بەردەوامە

چاونیوز: بە گوتەی ناوەندی ڕاگەیاندنی “حدک”/ خەمخۆرانی نیشتمانی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەوڵ و هاوکارییەکانیان بۆ خەڵک دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەردەوامن.
بەپێی ئەو دێکۆمینت و ڤیدیۆ و وێنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مێدیاکان بڵاودەکرێنەوە، دڵسۆزنی خاکی و خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەردەوامی خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ هەژاران و هاوکاریی خەڵکی کوردستانن.
لەسەرەتای دەرکەوتن و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کۆمەڵێک لە پزیشک و پەرەستار، ڕێکخراوەکانی مەدەنی و ژینەگەپارێزی، ڕۆناکبیران و کەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو و لە دەرەوەی وڵاتیش دڵسۆزانی نیشتمانپەروەر بەهەر شێوەیەک کە بۆیان لوابێ و لەدەستیان هاتبێ بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەفریای خەڵک و نیشتمانەوەن و توانیویانە خەڵکێکی زۆر لە مەرگ و نەخۆشی و برسیەتی ڕزگار بکەن.
بێگومان ئەم هەوڵ و دڵسۆزییەی دڵسۆزان و خەمخۆرانی خاک و خەڵکی کوردستان درێژەی ئەو کارە خۆبەخشانەیە کە چەند ساڵێکە خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەنجامی دەدەن و وەفاداریی خۆیان بە دایکی نیشتمان پێشاندەدەن، بێ هیچ چاوەڕوانییەک لە داگیرکەرانی نیشتمان، خۆیان، خۆیان و خاک و خەڵکی کوردستان دەپارێزن و پێشمەرگە ئاسا بەگژ نەهامەتییەکان دادەچنەوە و بەرگری لە ژینگەی کوردستان و ژیان و گیانی خەڵکی کوردستان دەکەن و بێگومان ئەمەش هاوپێوەندییەکی زیاتر و بەربەرینتری لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە ماکۆوە هەتا ئیلام پێکهێناوە کە جێگەی ڕێزە و لەمێژوودا تۆمار دەکرێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *