۱ی رەزبەری ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

“زارا” مامۆستایەکی پارێزەر/ شەونم هەمزەیی

چاونیوز: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فێربوونی زمانی دایک بە هۆی مامۆستایان، چالاکانی مەدەنی و خەڵکی دڵسۆز لە ئەنجومەن و ڕێکخراوە ئەدەبی و فەرهەنگی و خەڵکییەکاندا؛ ساڵانێکە پێی ناوەتە قۆناغێکی جددی و بە شێوەیەکی لێ‌بڕاوانە هەوڵی بۆ دەدرێ.

لە ئێرانی فرە نەتەوەدا لەگەڵ ئەوەی به پێی ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتە، فێربوون و فێرکردنی زمانی دایک لە تەنیشت زمانی فەرمییدا ڕێگە پێ‌دراوە، بەڵام جێبەجێ‌کردنی ئەم مافە لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە ساڵانێکە دەستا و دەستی پێ ‌دەکرێ.

ئۆکتاڤیۆ پاز، نووسەری مێکزیکی و براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات، بە جەخت‌کردنەوە لەسەر هێز و کارکردی زمان بۆ پێکهێنانی یەکگرتووییەک لە سەرووی کەلێنەکانەوە، دەڵێ: “زمانەکان، ڕاستیی‌گەلێکی بەربڵاون، کە لەو یەکە مێژوویی و سیاسییانەی وا ئێمە بە ناوی نەتەوە دەیانناسین؛ تێ‌دەپەڕن.” لێرەدا مەبەست لەوەیە ڕۆڵی زمان لە گەیشتن بە یەکگرتووییەکی سەقامگیردا حاشا هەڵنەگرە و، کاتێک نەتەوەکان بەو سەقامگیرییە دەگەن کە ڕێز لە زمانی یەکتر بگرن و تێ بکۆشن دنیای شاراوەی یەکتر بدۆزنەوە؛ کە ئەمەش هەر لە ڕێگەی گەشەی زمانەوە دەکرێ، نەک سڕینەوە و پەراوێز خستنەکەی.

زمان بەشێکە لە شوناسی هەر نەتەوەیەک و لەگەڵ گەشەی زمان، شوناسی کولتووری-سیاسیی ئەو نەتەوەیەش بەرز دەبێتەوە. بە لە بەرچاو گرتنی هەست پێ‌کردن بەم ڕاستییە لە لایەن مامۆستایانی کوردستانەوە ئەرکی فێرکردنی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیان خستوەتە سەر شانیان. ئەوان هەوڵ دەدەن شوناسی نەتەوەیی خۆیان لەگەڵ پاراستنەکەی پەرەش پێ بدەن و لەم ڕێگەیەشدا تێچووی زۆری بۆ دەدەن. بەشێکی زۆر لەو مامۆستا و هەڵسووڕانە بە تاوانی زیندوو ڕاگرتنی زمانی نەتەوەکەیان بەردەوام بەرەو ڕووی هەڕەشە و گوڕەشە و تەنانەت زیندان و ئێعدام دەبنەوە. “زارا محەممەدی” یەک لەو مامۆستایانەیە کە بە تاوانی دە ساڵ خزمەت بە زمانی کوردی، دە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەوانەی لە ئێران دژایەتیی پەروەردە بە زمانی دایک دەکەن، دەڵێن سیستمی پەروەردەی چەند زمانی، ئێران بەرەو لێك‌هەڵوەشان دەبا، ئەم کەشە تۆقێنەرە بێ‌بنەما و دەسکردە زاڵ‌کراوە، بووەتە هۆی ئەوەی بەردەوام دژایەتیی چالاکیی ئەو کەس و ڕێکخراوانە بکەن و تەنانەت پێبەندی یاساکانی خۆیشیان نەبن.

ئەم ترساندن و تۆقاندن و زیندان کردنانە نە تەنیا ناتوانێ ڕاستیی پێویستیی پاراستنی زمان لە مێشک و دڵی خەڵک بە تایبەت نەتەوە کەمینەکاندا بسڕێتەوە، بەڵكوو ڕێک کارکردێکی پێچەوانەی دەبێ و نموونەش بۆ ئەم ئیدیعایە نوێ‌ترین وتەکانی زارایە لە دوای ڕاگەیاندنی حوکمەکەی: “شانازی دەکەم ۱۰ ساڵی ژیانی خۆم لە خزمەتی خەڵک و زمانی دایکییدا بووم، ئەگەر وتنەوەی زمانی دایکی تاوانە! ئەوە قەبووڵمە و تاوانێکی پیرۆزە”.

ئەگەر ترس وڵام‌دەر بوایە، ئێعدامی دە ساڵ لەمەوبەری مامۆستا فەرزادی کەمانگەر ڕێگر دەبوو لە دە ساڵ مامۆستایەتی و خزمەتی زارا، بە دڵنیاییەوە هەر لە بەیانیی دەرچوونی حوکمی دە ساڵ زیندانیی زاراشدا دەیان مامۆستای زمانی کوردی لە کوردستان سەریان هەڵ‌داوە؛ ئێمە ئەمڕۆ ئەگەر پشتیوانی لە زارا دەکەین، لە ڕاستییدا پشتیوانی لە زمانی زارا دەکەین.

لە کۆتاییدا دەبێ ئەوە لە بەرچاو بگرین، یەکگرتوویی زمان پارێزەری یەکیەتیی نەتەوەیی -کە لە ئێراندا ئەم باسی نەتەوەییە بۆ خۆی جێی گەلێک پرسیارە- نییە و، جۆراوجۆریی زمانییش مەرج نییە ببێتە هۆی لێک‌دابڕانی نەتەوە جیاوازەکان. بەڵکوو لە ڕاستییدا ئەوەی دەبێتە هۆی ئەو لێک‌دابڕانەی وا بەردەوام “ئەوان” خەڵکی پێ دەترسێنن، لە بەرچاو نەگرتن و چاوپۆشی لە مافی نەتەوایەتی و خوێندن بە زمانی سەربەخۆی ئەو نەتەوانەیە.

ئەو یەکگرتووییەی کۆماری ئیسلامی و لایەنە فاشیستە فارسەکان پشتیوانیی لێ دەکەن، کەم‌ترین گارانتیی لە پشت نییە و هیچ پارێزراویش نییە و بە چکۆلەترین ئاڵۆزی هەڵ‌دەوەشێتەوە. لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتووی دنیادا مافی پەروەردە بە زمانی دایک لە دژایەتی لەگەڵ یەکگرتوویی وڵاتدا نییە. هەرچەندە ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ ئەوەمان لە بیر بێ کە ئێمە پارێزەری جوغرافیای ئێران نین؛ بەڵکوو کەلێنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی هەر وڵاتێک لە چاوپۆشیی توێژ و ڕەگەز و نەتەوەی باڵادەستەوە سەرچاوە دەگرێ.

هەر بۆیە لەم پێوەندییەدا نە تەنیا “زارا” و گشت مامۆستایانی فێرکردنی زمانی نەتەوە کەمینەکان تاوان‌بار و جیایی‌خواز نین، بەڵکوو لایەنگرانی دەسەڵاتی تاک‌زمانی و کەسانی بێ‌دەنگ و بێ‌هەڵوێست لەم بارەوەن، کە ویستی ڕەوای ئێمە و گەلانی تری ئەم وڵاتە بە ویست و ئامانجی خۆیان بە لاڕێدا دەبەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *