۴ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

جێگری پارێزگای ورمێ: لەم پارێزگایە هیچ کۆڵبەرێک بوونی نییە و ئەوانەی لە سنوورەکانیش کار دەکەن نایاسایین و دەبێ بەرەوڕوویان ببینەوە!

چاونیوز: لێدوانی جێگری پارێزگای ورمێ لەهەمبەر کۆڵبەر و چۆنیەتی هەڵسووکەوت دەگەڵیان، بەجێگای چارەسەر کردنی ئەم پرسە، کێشەکەی بۆ کۆڵبەران و کاسبکاران گەورەتر کردەوە. مستەفەوی بەجێگای چارەسەرێکی ئەم دیاردەیە کە ڕاستەوخۆ حکومەت تێیدا بەرپرسیارە، هەڕەشە لە خەڵکی هەژار و لێقەوماو دەکا.

بە پێێ هەواڵی چاونیوز وەرگیراو لە مێهر،عەلی مستەفەوی، جێگری سیاسی ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگای ورمێ دەڵێ: لەم پارێزگایە هیچ کۆڵبەرێک بوونی نییە و ئەوانەی سنوورەکانیش بە شێوەی نایاسایی کار دەکەن و دەبێ بەرەوڕوویان ببینەوە!

مستەفەوی بە هەواڵدەرێ مێهری گوتووە: ئێمە هەموو ساڵێ لە بەشە سووتەمەنی خەڵکی نیشتەجێ لە ٢٠ کیلۆمیتری نزیک سنوورەکان بڕە پووڵێکیان دەدەینێ، ڕاستە ئەو بڕە پارەیە شتێکی ئەوتۆ نییە، بەڵام ئێمە ئەو تێچووە دەدەین هەتا کۆڵبەری نەمێنی!

ناوبراو لە درێژەدا گوتی: باسی تەناهی سنوورەکان بۆ ئێمە زۆر گرینگە و هەرکەسێک کە بە شێوەی نایاسایی لە سنوورەکان هاتووچۆ بکا دەبێ لایەنە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی بەڕەوڕوویان ببنەوە.

ئەو لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە، ئێمە لەو سنوورانە شاهیدی جموجۆڵی بە نێرینی ئەو، “گروپە دژە شۆرشەکانین” و نابێ هیچ کەس جگە لە دەروازە فەرمییەکان چالاکی بازرگانی بکات.

ئەو لێدوانەی مستەفەوی لە کاتێکدایە، دوومانگ لەمەوبەر “بونیادی بەرەکەت” کە دامەزراوەیەکی مەزنی ژێرمەجمووعەی دەستەی ئیجرایی فەرمانی خومەینییە، ڕایگەیاندبوو دەبێ کارێک بکەین کە لە پارێزگای ورمێ، سنە و کرماشان بێکاری نەمێنێ هەتا لاوان نەبنە کۆڵبەر، تەنانەت ئاماژەی بەچەند شاری(سەردەشت، پیرانشار) کردبوو کە لەو پارێزگایە هەڵکەوتوون و خەڵکێکی زۆر لەبەر نەبوونی و بێکاری کاری کۆڵبەری دەکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *