۱ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

فتوای جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان‌/ سمایل شەرەفی

چاونیوز:

(گۆشەیەک لە جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەی هەوشار)

دوای ڕاگەیاندنی فتوای جیهادی خومەینی، ڕێبەری تازە بە دەسەڵات گەیشتووی شۆڕشی ئیسلامی لە ئیران دژ بە خەڵکی کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاویدا، یەکێک لەو ناوچانەی کوردستان کە وەک باقیی شوێنەکانی دیکەی کوردستان کەوتە بەر پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ناوچەی هەوشار بوو.

ناوچەی هەوشار کە لە باکووری پارێزگای ورمێ هەڵکەوتوە و لە دوو شاری سایین‌قەڵا و تیکاب پێک هاتوە و نیزیک بە دووسەد ئاوایی سەر بەم دوو شارەی لەخۆی گرتوە، لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کشتوکاڵ و فەرهەنگییەوە بە یەکێک لە ناوچە هەرە گرینگەکانی کوردستان دادەنرێ.

دوای ڕاگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە ١١ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ی هەتاوی، تێکۆشەرانی حیزب لە ناوچەی هەوشار بە پشتیوانیی خەڵکی ناوچەکە دەستیان کرد بە خۆڕێکخستن و خزمەتکردن بە خەڵک. بەتایبەت بەشی ڕێکخراوی حیزب، هەر زوو بە دەرککردنی هەستیاربوونی ناوچەکە کە لە دوو نەتەوەی کورد و تورک پێک هاتوە، هەوڵی نزیکایەتیی زیاتریان لەگەڵ خەڵکی  غەیرە کوردی ناوچەکە دەدا کە ئاکامەکەی بوو بەوەی زۆر لە خەڵکی شارەکانی تیکاب و سایین‌قەڵا نەتەنیا پێشوازییان لەم ڕەفتارەی بەرپرسانی حیزب کرد، بەڵکوو زۆر کەسیان ڕاستەوخۆ لە ڕیزەکانی حیزبدا وەک ئەندام و پێشمەرگە وەرگیران و پلەی بەرزی حیزبییان پێ‌درا.

کاربەدەستانی ڕێژیم کە چاوی دیتنی ئەم دۆخەیان نەبوو کەوتنە پیلانگێڕی و بە هاندانی کۆمەڵە کەسێکی ساویلکە و هەڵخەڵەتێندراو لە هەر دوو لای تورک و کورد، هەوڵی شێواندنی دۆخەکەیان ‌دا کە بە بەداخەوە تا ڕادەیەک تیایدا سەرکەوتن.

هێرشی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بۆ سەر ناوچەی هەوشار لەگەڵ بەرەنگاریی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی هەوشار و خەڵکی ناوچەکە بەرەوڕوو بوو. نەیاران بە مەبەستی بەدناوکردنی هێزی پێشمەرگە و هاندانی گەلی تورک و بەرینکردنەوەی کەلێنەکان، بە شێوەی جۆراوجۆر خەریکی ناکۆکینانەوە بوون. ئەزیەت و ئازاری خەڵکی ناوچەکە لەژێر ناوی جۆراوجۆری کوردبوون و سوننی بووندا ڕۆژانە لە پەرەئەستاندندا بوو. بۆیە خەڵک بە لێشاو پەنایان دەبردە بەر پێشمەرگەکان و داوای هاوکاریی و پشتیوانییان لێ دەکردن. بۆیە لە کۆتاییدا بەرپرسانی سەرەوەی حیزب بڕیاری بەرەنگاری و پشتیوانیی پێشمەرگەکانیان بە خەڵکی ناوچەکە دا.

***

دوای دەرکردنی فتوای جیهادی خومەینی لە دژی کورد، یەکێک لەو ناوچانەی کە زۆرترین هێزی سەرکوتکەری لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە بۆ نێردرا، ناوچەی هەوشار بوو. دوژمن لە هەموو لایەکەوە هێرشی هێنابوو. بۆ هاندانی گەلی تورک دژ بە خەڵکی کوردی ناوچەکە، شەوانە بە ناوی کورد و پێشمەرگەوە هێرش دەکرایە سەر ئاواییە تورک‌نشینەکانی ناوچەکە و خەڵکیان ئازار دەدا و ماڵیان لێ ئاور دەدان. هەر وەک چۆن لە شاری نەغەدە هەوڵی نانەوەی شەڕی تورک و کوردیان دەدا، لە هەوشاریش هەمان پیلان بەرێوە دەچوو. خەڵکی تورکی ناوچەکە هان دەدران کە هێرش بکەنە سەر گوندە کوردنشینەکان و تۆڵەی خۆیانیان لێ بکەنەوە! لە بەرانبەردا بەرپرسانی حیزبی لە ناوچەکە هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم، دەبوا وەک پێویست بە هانای خەڵکەوە بچن. بۆیە پێشمەرگەکان تەواوی هێزی خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی پشتیوانی لە خەڵک بکەن.

ڕێژیم کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەڵمەتی پێشمەرگەکان نەبوو، لە پیلانێکی دیکەدا، کەوتنە گیانی خەڵکی بێ‌دیفاعی ناوچەکە و لە ماوەی دوو مانگی جۆزەردان و پووشپەڕی ١٣٥٩ی هەتاویدا بە هێرش کردنە سەر چەند ئاواییەکی ناوچەی هەوشار و ڕەشبگیری و ڕەشەکوژیی لە سەدان و دەیان کەس لە خەڵکی بێ‌تاوان، جینایەتی سامناکیان خوڵقاند.

لێرەدا جیا لە باسکردنی سووتاندنی ئاواییەکانی شێرەمەرد و حەسەنلۆلان و، کوشتنی چەندین کەسی بێتاوان لە ئاواییەکانی قزکوێپی، ئاغەجەری، قۆزڵوو، سانجوود، قزقاپان، گویاغاج، حەسەنئاوا و نەیکەنی، تەنیا بۆ دەرخستنی ماهییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خوڵقاندنی جینایەتکردنی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و ناوچەی هەوشار، ئاماژە بە کوشتنی زیاتر لە ٢٠ کەسی بێ‌تاوان لە ئاواییەکانی ئەحمەدئاوای خوارێ و مایین‌بڵاغ دەکەین:

دوایین مانگی بەهاری ١٣٥٩ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە خەڵکی ناوچەکە خەریکی کاری وەرزێری و مەڕداری لە مووچە و مەزراکانیان بوون، دەنگی تەقە و زرمەی چەکەکانی سپای پاسداران لە یەکێک لە کێوەکانی ئاوایی ئەحمەدئاوای خوارێ (هاچە و نەقارەخانە) خورپەی خستە دڵی خەڵکی ئەم ئاواییە. پیاوان بە مەبەستی پاراستنی ژن و منداڵەکانیان بە هەڵەداوان خۆیان گەیاندەوە نێو ئاوایی. هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران ڕژانە نێو ئاوایی و بە چاوی خۆیان دیتیان کە خەڵکی ئاوایی بە هەر وەسیلەیەک کە بەر دەستیان کەوتوە خۆیان بۆ مقاومەت و پاراستنی ماڵ و منداڵیان پڕچەک کردوە. لە لایەکی دیکەوە پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی هەوشار بۆ پاراستنی خەڵک، قارەمانانە دەوری ئاواییان دا و داوایان لە هێزەکانی دوژمن کرد کە واز لە خەڵک بێنن و لە ئاوایی دەرکەون. لە ئاکامدا بە هۆی پێداگریی هێزەکانی ڕێژیم لەسەر چۆڵنەکردنی ناوچەکە لە هێزی پێشمەرگە، تێکەڵچوونێکی چەند سەعاتە لە نێوان هەر دوولا‌ هاتە ئاراوە کە لە کۆتاییدا هێزەکانی ڕێژیم پاشەکشەیان پێ کرا.

چەند ڕۆژ دواتر ڕێژیم بە هێزێکی زۆروزەوەند لە زەمین و ئاسمانەوە هێرشی کردە سەر ئاواییەکانی “یارەزیز” و “چراغتەپە” و “ئەحمەدئاوا”. لە ئاکامی هێرشی هەوایی بۆ سەر ئاواییەکانی یارەزیز و چراغتەپە‌دا سێ ژن و پیاوێک کوژران و دواتر بە چڕی هێرش کرایە سەر ئاوایی ئەحمەدئاوا. لەو ماوەیەدا زۆربەی خەڵک جیا لە هێندێک کەسی پیر و پەککەوتە، توانیبوویان لە ئاوایی بێنە دەر. هێزەکانی ڕێژیم کە چووبوونە نێو ئاوایی، دەستیان لە ماڵی خەڵک نەپاراست و هەموو شتێکیان بە تاڵان برد و پاشان هەموو ئاواییان ئاور تێ‌بەردا و نزیک بە دە کەس لەوانەی بەهۆی پیری و پەککەوتەییەوە نەیانتوانیبوو خۆ دەرباز بکەن، لە لایەن قین لە دڵانی دژ بە کوردەوە بە دڕندانەترین شێوە کوژران. محەممەدئەمین شوعاعی، عەلی‌مرد گرامی، سەید سەعید محەممەدیان و حاجی سەیفوڵڵا وەیسی ناوی بەشێک لەو کەسانەن کە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم لە ئاوایی ئەحمەدئاوادا کوژران. هەروەها لەم نێوەدا تەنانەت ڕەحم بە منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵە بە ناوی یەحیا قارەمانی نەکرا کە دوای گەڕانەوەی بۆ ئاوایی لە لایەن جەنایەتکارانی ڕێژیمەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

***

 

ساڵێک دواتر و لە درێژەی ئەم جۆرە لە کوشتار و جەنایەتانەی هێزەکانی سپای پاسداران و ژاندارمی ڕێژیم لە ناوچەی هەوشار، ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٦٠ی هەتاوی، ١١ کەس لە خەڵکی بێ‌تاوانی ئاوایی مایین‌بڵاغی سەر بە شاری تیکاب لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە تیرباران کران.

پشتیوانیی خەڵکی هەوشار لە حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە بە تەواوەتی ڕێژیمی تووڕە کردبوو. بە دەیان جار لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە هەڕەشە لە خەڵک کرابوو کە نابێ هاوکاریی پێشمەرگەکان بکەن، بەڵام پێوەندیی خەڵک و پێشمەرگە زۆر لەوە قوڵتر بوو کە ڕێژیم بتوانێ هەروا بە ئاسانی لێکیان داببڕێ. بۆیە دوای هێرشی سەرتاسەریی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان، خەڵک و پێشمەرگە بە پشتیوانیی یەکتر بەربەرەکانێیەکی قارەمانانەیان کرد و بە دەیان جار هێزەکانی ڕێژیمیان شکست پێ‌هێنا. بە تایبەت لە ساڵەکانی ٥٨ و ٥٩ دا ڕێژیم بە هەموو شێوازێک گەمارۆی خستبووە سەر ناوچەکە و تەنانەت ڕێی نەدەدا خواردەمەنی مەوادی غەزایی ڕوو لەم ناوچەیە بکا و بەردەوامیش فشاریان بۆ خەڵک دەهێنا کە هەموو جارێ پێشمەرگەکان بە پشتیوانیی خەڵک ڕێژیمیان تووشی شکست و پاشەکشە دەکرد.

لە ڕۆژێکی ١١ی یەکەم مانگی هاوینی ١٣٦٠‌دا بەرپرسی پاسگای ڕێژیم لە ئاوایی مایین‌بڵاغ داوا لە ١١ کەس لە خەڵکی دیاری ئەم ئاواییە دەکەن کە بۆ چارەسەری هێندێک گیروگرفت! سەردانی پاسگا بکەن. کاتێک کە ئەم ١١ کەسە دەگەنە پاسگا لە لایەن جەنایەتکارانی ڕێژیمەوە بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە ئازار و ئەزیەت دەدرێن و دوای بێڕێزی‌یەکی زۆر نیوەشەوی هەمان شەو هەر ١١ کەسیان تیرباران دەکرێن و بەیانی داوا لە بنەماڵەکانیان دەکەن تەرمەکانیان وەربگرنەوە. هەرچەند دواتر بەشێک لە دامودەزگاکانی ڕێژیم دانیان بەم جینایەتە‌دا نا، بەڵام  هیچ دادگایەکی عادڵانە بۆ بەدواداچوونی پێک نەهات.

ئەوانەی تیرباران کران بریتی‌بوون لە:

سەید حەکیم مووسەوی تەمەن ٧٥ ساڵ، حاجی سەعید عیبادی تەمەن ٧٥ ساڵ، حاجی عەبدوڵڵا میری تەمەن ٧٥ ساڵ، حەسەن و حوسێن زارعی کە برا بوون، محەممەد کەریم زارعی، عەبدولڕەحمان شاهی تەمەن ٦٣ ساڵ، حەبیبوڵڵا ڕەحیمی تەمەن ٦٠ ساڵ،  ئیبراهیم مەولوودی تەمەن ٥٧ ساڵ، کەریم پەرتەو تەمەن ٦٠ ساڵ و محەممەد بابایی تەمەن ٥٥ ساڵ.

***

 

ئەمەی باس کرا تەنیا گۆشەیەک لەو جینایەتانە بوو کە ڕێژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەرحەق بە میللەتی کورد بەڕێوەی بردوە و ئەم شەڕە دژ بە کورد و داخوازییە ڕەواکانی تا ئێستاش بە ناوی فتوای جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان درێژەی هەیە. بەڵام وەک دەبینین کورد و حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە دوای چل ساڵ تێپەڕین بە سەر ئەم فتوا شووم و جینایەتکارانەیەدا هەروا لە سەر پێیە و خەڵکی ناوچەی هەوشاریش وشیارانە پارێزەری خاک و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانن و هەروا و زیاتر لە هەمیشە، پشتیوانی حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەن.(وەرگیراو لە سایتی کوردستان و کورد).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *