۵ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی کە بۆنەی هاوبەشی هەموو گەلانە/ ئاسیە حوسێنی راد

چاونیوز: ڕۆژی ۲۱ی سیپتەمبەری ۱۹۸۲ی زایینی بەرامبەر بە ۳۰ی خەرمانان، دوابەدوای هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی دووهەم” کە شەش ساڵی خایاند و زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن سەرباز تێیدا بەشداربوون و نزیکەی ٦١میلیۆن کەسی مەدەنی و سەربازیی تێدا بوونە قوربانی کە ٢٪ی کۆی دانیشتووانی سەر زەوی دەگرێتەوە، سەدان میلیۆن کەسیش ئاوارە بوون،” لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی ئاشتی ڕاگەیێندراوە، بە مەبەستی ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەری و نەمانی شەڕ لە نێو وڵاتانی جیهان دا.
ساڵانە شایەتی شەڕ و ئاڵۆزی لە هێندێک لە وڵاتەکان بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبین که ئاکامەکەی هەژاری و ئاوارەیی و بێ مەسکەنی و هەروەها کۆچی زۆرەملەیی خەڵکانێکی زۆر و بەتایبەت منداڵانە، کە بێ دەسەڵاتترین چینی کۆمەڵگان و زەرەر مەندی سەرەکیش هەر ئەوانن. ئەوەش بە هۆی سیاسەتی نابەجێی زۆرێک لە سەرکردەی وڵاتەکانیانەوە بە ناچار تووشی دەبن.
بەڵام‌ لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە “ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەرکێکی گەورەی بۆ پێکهێنانی ئاشتی لەنێو گەلانەوە لە سەرشانە، تا چەند سەرکەوتوو بووە بۆ وەستاندن و بەرگری لە شەڕ و ئایا بە شێوەیەکی بێ لایەن هەوڵی داوه سەبارەت بەو بابەتە و توانیویە دادپەروەرانە هەڵسوکەوت بکا؟” بێ شک نەتەوەیەکگرتووەکان بەبێ ڕەچاوکردنی دادپەروەری، یک لایەنە هەنگاوی ناوەتەوە و هەوڵەکانی ئەو ڕێکخراوە دە حەددی دروشمێک یان دەرکردنی دەقێک یان ‌ئەو پەڕی ئاگربەستێکی کاتی لەو شوێنانە بووە کە گیرۆدەی شەڕن و تا ئێستا ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبووە بۆ پاراستنی هێمنایەتی و ئاشتی لە نێوان گەلان دا. نەتەوە یەکگرتووەکان، لەڕاستی دا هەر نێوێکە و بە ڕواڵەت بۆ گەلەکان ئیش دەکا و لە ناخی خۆی دا ئامرازێکە بۆ وەدی هاتنی ئامانجی دەوڵەتە زل هێزەکان. ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیەش پێکهاتوون لە دەوڵەت گەلێک کە هیچکات خوازیاری ئەوە نین کە ئاشتی لەبەینی وڵاتە ئاڵۆزەکان مسۆگەر بێت و تەنیا لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان دا هەنگاو دەنێن؛ هەروەها پەرە بە بەرهەمهێنانی چەکە پێشکەوتووەکانیان دەدەن و بە نانەوەی شەڕ و ناکۆکی و تووند و تیژی، هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی خۆیان بەهێز بکەن و بۆیان گرینگ نیە کە گیانی هەزاران کەسی بێ تاوان بەو هۆیەوە دە مەترسی دەکەوێ و لە بڕی ئاشتی خوازی، چەک بەو وڵاتانە کە شەڕی ڵێ کەوتۆتەوە دەفرۆشن.

▪️لەبەرامبەر ئەو ناچالاکیه و پووچی نەتەوە یەکگرتووەکان دا، دەبیندرێت کە لە چوارگۆشەی جیهان ڕا هەندێک مرۆڤی خاوەن هەست و هەڵوێست هەوڵ دەدەن بۆ بەرقەراری ئاشتی؛ هەروەها ڕۆژنامە نووسان و قەڵەم بەدەستان کە سەرەڕای ئەو هەموو سانسۆڕ و بەرگری کردن لە کار و چالاکیەکانیان بۆ دەرخستنی ڕاستیەکان، ناوەستن لە تێکۆشان، لە ئاکام دا هەمووی ئەو هەوڵانە بوونە بە بزووتنەوەیەکی گشتگیر و ساز بوونی کەمپێکی خەڵکیی بۆ بەرقەراری ئاشتی و ئارامی، لە هەمان کات دا زۆرێک لە دەوڵەتەکان ڕاشکاوانە بوونەتە بەردەی سیستەمی سەرمایەداری.

▪️ هەر بۆیە هەوڵ و خەباتی ئەو بزووتنەوە ڕێگایەکی سەختە و پێویستی بە هەوڵدانێکی زۆر هەیە بۆ لەناوچوونی ئاڵۆزی و ناکۆکی لە جیهان دا.
بەو هیوایە کە ڕۆژێک ئاشتی و ئارامی لە هەموو وڵاتانی دونیا جێگیر بێت و شەڕ و ئاڵۆزی بە تەواوی بن بڕ بێ.
هەبوونی جیهانێک تژی لە ئاشتی و ئاشتەوایی و بەری لە شەڕ و ئاژاوە مافی هەمو لایەنێک و نەتەوەیەک و بەتایبەت منداڵانه، کە تێی دا بە ئارامی و ئاسودەیی ژیان بەرنە سەر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *