۴ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

سەپاندنی ٢٠٦ ساڵ زیندان بەسەر ٥٢ زیندانیی سیاسیی کورد

چاونیوز: دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە هاوینی ئەمساڵدا ٢٠٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی بەسەر ٥٢ بەندیی سیاسیی کورددا سەپاندوە. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی گیراون گەیشتۆتە ٢٩٨ کەس.

بەپێێ هەواڵی ناوەندی ئاماری چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان له‌ ماوه‌ی سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا ئه‌وه‌نده‌ی زاندراوە، لانیکه‌م ١٩٢ که‌سیان به‌ تۆمه‌تی چالاکیی سیاسی و هاوکاریکردنی حیزبه‌ کوردییه‌کانی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی قۆڵبه‌ست کردوه‌. ژماره‌یه‌ک له‌و گیراوانه‌ تا کاتی دادگایی کردنیان به‌ بارمته‌ی قورس ئازاد کراون و لانیکه‌م ٥٦ که‌س له‌وانه‌ دوای به‌ناو دادگایی کرانیان سزای لە ٣ مانگ زیندان‌ڕا تا ١٧ ساڵ زیندان و تەنانەت حوکمی ئێعدامیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌. لەو ٥٦ بەندکراوە دوو کەسیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لە دادگای تێهەڵچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە. ئەو ٥٢ بەندکراوەی دیکەش سەرجەم بە ٢٤٨٠ مانگ ( ۲۰۶ ساڵ و ٨ مانگ) زیندان مەحکووم کراون.
دەزگای ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وەرزی بەهاریشدا ١٠٦ کەسیان لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی دژی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کردبوو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گیراون گەیشتە ٢٩٨ کەس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *