۴ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

وانەکانی مافی مرۆڤ بەشی (١١) شاروخ حەسەنزادە

چاونیوز: درێژەی بەشی دە…

کۆڵەکەی دووهەم، گەورەیی مرۆڤە کە لە سەربەست بوون و ئاوەزمەندی ئەو سەرچاوە دەگرێ، یانی چوونکوو بنیام بوونەوەرێکی هەڵبژێرە(انتخابگر) و سەربەستە کەواتە کەڕامەتی هەیە. بە نێرینی “کانت” دەبێ مرۆڤایەتی لەناو کەسی خۆت دا بە پیرۆز بزانی ومرۆڤ بەهۆی هەبوونی سەربەستی(سەربەخۆیی خواست) و ئاوەزمەندی، کەرەسە و شت نییە.
کۆڵەکەی سێهەم، مرۆڤ بۆخۆی ئامانج و مەبەستە نەک کەرەستە و وەسیلە، ئاکاری کانتی لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە کە لەتەک هەموو مرۆڤەکان وەک یەک و بەرامبەر و بەوپەڕی خود(غایت بالذات)دەبێ هەڵسووکەوت بکرێ نەک بە مینانی کەرەسە و تشت. لە ڕاستیدا لەم بنواشەیە، بە ڕوانینی کانت حوکمی ئاوەزی بێخەوشە و لە ئاکاما بەپێی بنەمای یەکەم حوکمێکی ئەخلاقییە. هەروەها بەپشت بەستن بە بنەماکانی هەوەڵ و دووهەمیش دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە نابێ لەتەک مرۆڤ وەک شت یان کەرەستەیەک هەڵسووکەوت بکرێ، کەوابوو ئینسان کەرەسە نییە بەڵکوو کەسێکە.
ئەم ڕاستییە بۆ هێزی هەڵبژاردن و ویستی ئەو دەگەڕێتەوە کەوابوو کەڵک وەرگرتن ئامرازی لە مرۆڤ ئەوە وەک کەرەسەیەکی لێدەکات نەک کەسێک، ئەوەش سەلماوە کە هیچ ئینسانێک پێیخۆش نییە وەک ئامراز و کەرەسەیەک یاری دەگەڵ بکرێ.
جا ئێستا با بزانین بە هاوکاری و یارمەتی ئەم سێ کۆڵەکەیە چەندە دەتوانین ئالیکاری مافەکامی مرۆڤ بین؟ لە وڵام دا دەبێ بڵێین، بە پێێ بنەمای یەکەم، مرۆڤ خاوەن سەربەخۆیی خواست و ئیرادەیە، سەربەخۆیی خواست هەمەن دەستەڵاتی تەواوی تاکە بەسەر هەڵبژاردنی کامڵ و ڕێکی بایەخە ئاکارییەکان و ئەمەش تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی بێ لایەن یان لانیکەمی بەئاکام(minimal)بگا و لە ڕاستیدا بەپێی ئەو نیزامە تاک دەبێ لە بەرامبەر هەرجۆرە دەستدرێژی کردنە سەری پارێزراو بێ. بناخەی بە گەورە زانینی مرۆڤ فەرمانمان پێ دەکا کە هەر مرۆڤێک بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە کێیە و لە چ ئاستێک دایە، بەبێ مەرج بایەخی بۆ دابنێین نەک بەمەبەستی کەڵک لێ وەرگرتنی وەک کەرەسەیەک؛ چوونکە سەرجەم مرۆڤەکان لەخودی خۆیان دا دوایین ڕادەن و دەتوانن کاروباری خۆیان سەروبەر بکەن، کەوابوو هەرهەموویان لە گەورەیی دا بەرامبەرن و وەک ئامانجێک سەیر دەکرێن نەک وەک کەرەسەیەک. بە نێرینی کانت دەبێ وەها بجووڵێیەوە کە مرۆڤایەتی چ لە کەسی خۆت و چ لە کەسێکی تر بەردەوام وەک خودتەکووز و ئامانج ببینی و هیچ کاتێکیش وەک ئامراز و کەرەستەیەک بەکاری مەهێنە. بەم خوێندنەوەیە، ڕێزدانان بۆ خواست و داوکارییەکانی تاک کە بوونەوەرێکی ئامانجدار و سەربەخۆیە نەک ئامرازێکی و ئیتر هیچ، ئەمە سەرچاوەی زۆرێک لە مافەکانە، چوونکە بەو ڕوانینە هەموو کەسێک سەربەست و سەربەخۆیە و بۆخۆی بڕیار دەدات چ بکات یان چ نەکات و ئەمەش دەبێتە تایبەتمەندی ئینسانی و کەسایەتی خۆیەتی و دەبێ ڕێز بۆ ئەو هەڵوێست و بڕیاراتەی باوەڕی خۆی دابنێین، هەروەها لە زۆربەی جاران ئەگە خواست و بڕیاراتی خۆمان لە سەرووی ڕوانین و بڕیاراتی ئەو دابنێین، لە ڕاستیدا ئەوە وەک کەرەسەیەک چاو لەو کەسە دەکەین نەک مرۆڤێکی سەربەست و ئازاد، سەپاندن و بە ئەستۆ داهێنان یان بێ بایەخ چاو لێکردنی ڕا و بۆچوون و بڕیاراتی کەسێک، زەوت کردنی ئەو ئازادی و سەربەستییەی تاکە. بە پێی ئەو بۆچوون و بەڵگانەیە کە ماف و ئازادییەکانی سەرەکی لە جۆری مافی مەدەنی و سیاسی شەقڵ دەگرن…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *