۴ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

ئەمنیەت و داد لە نیزامی دادی ڕێژیم دا / عەلی بداغی

چاونیوز: لە ڕەشەممەی دوو ساڵ لەوە پێشەوە کە برایم ڕەئیسی بە بڕیاری خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی سەرۆکایەتیی دەزگای دادی ئێرانی پێ سپێردرا، بابەتێک کە زۆری قسە لێ دەکرا، چاکسازی لە دەزگای قەزایی و “گۆڕانی بنەڕەتی لە نیزامی داد”ی وڵات‌دا بوو. ئەم گۆڕانەش حەوتووی ڕابردوو لە بەڵگەنامەیەک‌دا کە ناوی “دێکیۆمێنتی ئەمنیەتی داد”ی لەسەرە و لە ٣٧ خاڵ‌دا گەڵاڵە کراوە و ئیمزای برایم ڕەئیسیی لەبن دراوە، ڕاگەیەندرا.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بەڵگەنامەیەدا ئاماژە بە چەند خاڵ گرینگە:

یەکەم/ ئەمە یەکەمجار نییە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گارد گرتن لە هەمبەر هەڵکشانی ڕەوتی ماف‌خوازیی خەڵک و خواستی گشتیی کۆمەڵگە لە هەمبەر پێشێل‌کرانی مافەکانیان و بۆ بەرگرتن لە ناڕەزایەتیی گشتی و کەم‌کردنەوە لە گوشارەکانی سەر حاکمییەت پڕۆژە یاسای لەو شێوەیە دەداتە دەرێ. پێشتریش حەسەن ڕووحانی لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥دا بەڵگەنامەیەکی لەژێر ناوی “مەنشووری مافەکانی هاووڵاتی”دا بڵاو کردەوە کە هەتا ئێستا نەک لەلایەن دام‌و دەزگا ئیداری و بەرێوەبەرییەکانی دی، هەر لە کابینەکەی خۆیشیدا کەس بە لایدا نەچوو.

کاتی خۆیشی مەحموود شاهروودی، سەرۆکی پێشووتری دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاویدابەخشنامەیەکی لەژێر ناوی «مافی هاووڵاتی»دا ڕاگەیاند کە نەک هەر وێچوو، بەڵکوو زۆر تێروتەسەلتر لەوەی «ڕەئیسی»ـیش بوو، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع هیچی نەگۆڕی و کەس هیچی لێ نەبیست و نەدی.

دووهەم/ لەو بەڵگەنامەیەدا کۆمەڵێک نۆڕم، ماف، بەها و بایەخی مرۆیی و پرەنسیپی حقووقی ڕیز کراوە کە جێبەجێ کردن و لەبەرچاو گرتنیان لە باڵای کۆماری ئیسلامی ناکاڵێتەوە، چونکی لە هەموو ماوەی تەمەنی ڕێژیم‌دا سەبارەت بە پێشێل کردنی ئەم بەها و بایەخ و مافانەی خەڵک لە نێوخۆ و لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانی و نێونەتەوەییەکاندا مەحکووم کراوە. گاڵتەجاڕی لەوە سەیرتر ئەمەیە کە بەڵگەنامەکە ناوی کەسێکی وەک «سەرۆکی دەزگای داد»ی وڵاتی لەسەرە کە بە «ئایەتوڵڵای ئێعدام» و «قازیی هەیئەتی مەرگ» دەناسرێ و تاوانی لەدار درانی هەزاران زیندانیی سیاسیی لە مل‌دایە.

سێهەم/ ئەوەی ئێستا بە ناوی بەڵگەنامەی حقووقیی ئەمنیەتی داد ڕاگەیەندراوە، وەک نێوەرۆک پێشتریش لەسەر کاغەز لە قانوونی بنەڕەتیی وڵات، قانوونی سزادان و جۆرەها قانوون و ڕێسای بەنووسراوەی وڵات‌دا هاتوە، بەڵام بوونیان هەتا ئێستاش هیچ ڕێگرییەکی نەکردوە لە نائەمنیی کۆمەڵایەتی، نادادپەروەی، سەرکوتی خەڵک، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، شکاندنی کەسایەتی و کەرامەتی بەندکراوان، ئەشکەنجە بۆ داننانی زۆرەملێ بە تاوانی نەکردوو، و لەو سۆنگەیەشەوە ئێعدام و قەڵتوبڕی خەڵک و کۆمەڵگە؛ کە بەهۆی ڕەفتار و کردەوەکانی دەزگای داد و پۆلیس و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ڕێژیمەوە کراون و لەسەریان بەردەوامن.

چوارەم/ لەو بەڵگەنامەیەدا بۆ نموونە باس لە سەربەخۆیی پارێزەر (وەکیل) و مافی زیندانی بۆ هەڵبژاردن و دەست‌نیشان‌کردنی وەکیل دەکرێ، بەڵام هەر دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دێکیۆمێنتەکە، کانوونی پارێزەران ڕایگەیاند کە لە پەروەندە سیاسی و ئەمنیەتییەکاندا دادوەرەکان ئەو مافە بە بەندکراوان نادەن وەکیلی هەڵبژاردەی خۆیان هەبێ. هەروەها دادوەرەکان پتر لەوەی گوێیان لە تۆمەتبار و پارێزەرەکەی بێ، چاویان لەو بڕیاڕ و راسپاردانەیە کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بۆیان چووە.

بەشەکانی دیکەی «بەڵگەنامەی ئەمنیەتی داد»ـیش کە چەند پاتە کردنەوەی بڕگە یاساییەکانی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ مافی تۆمەت‌لێدراوانە‌، بەڵام کێ هەیە نەزانێ هەر ئەو بڕگە یاساییانە نەک هەر لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و هێزە چەکدارەکانەوە، بەڵکوو لەلایەن خودی دادوەر و دادئەستێنەکانیشەوە پێشێل کراون و دەکرێن. لەخۆڕا نییە کە کانوونی پارێزەرانی ناوەند دەڵێ کێشەی ئێمە یاسا و ڕێوشوێنەکان نین، بەڵکوو بۆرۆکراسیی دەزگای داد و دادوەرەکانن کە قین لەدڵ، گەندەڵ و بووکەڵەی دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانن.

پێنجەم/ لەو بەڵگەنامەیەدا پێداگری لەسەر پاراستنی کەرامەتی تۆمەتبار و گومانلێکراوەکان کراوە و گوتراوە بێ‌ڕێزی بە دەسبەسەرکراون و ئەشکەنجە و ئازاردانی جەستە و ڕوحیی ئەوان یان هەڕەشەی ناوزڕاندنی خۆیان و کەسوکاریان قەدەغەیە. بەڵام هێشتا جەوهەری ئەم نووسینانە ویشک نەببۆوە کە لە شاری تاران کۆمەڵێک تۆمەتبار بێ ئەوەی دادگایی کرابن و سزایەکیان بەسەردا سەپابێ، لە پشتی ماشێن بە نێوشار و بە بەرچاوی گشتیدا دەیان‌گێڕان و بە چەپۆک و مستان دادەگژانە سەریان! کارنامەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیش پڕە لە پەروەندەی هەزاران بەندیی سیاسی کە بە زەبری ئەشکەنجە ناچار بە داننانی زۆرەملێ کراون و لەو سۆنگەیەوە سزای زیندانی درێژخایەن و زۆریشیان سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە. تەنانەت کەم نین ئەو بەندکراو و گومانلێکراوانەی لە گرتنگەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ستاندوون.

لە درێژەی ئەم باسەدا دەکرێ زۆر خاڵ و سەرنجی دیکەش ڕیز بکرێن بۆوەی هەم تەواوەتیی ئەو بەناو «بەڵگەنامە حقووقی»یە ببرێتە ژێر پرسیار، هەمیش ئەو سازوکار و بۆرۆکراسی و نیزامە نەهادینەکراوەی ڕێگری لە هەر چەشنە کرانەوەیەک بە قازانجی مافەکانی خەڵک دەکا؛ بەڵام ئەدی هۆکاری داڕشتن و ڕاگەیاندنی ئەم پەسندکراوە چییە؟ ئایا دروست‌کردنی کەسایەتییەکی دی لە برایم ڕەئیسییە‌ و مۆرەتاشینە بۆ داهاتووی نیزامی سیاسیی ئێران؟ یان کاردانەوە بەو شەپۆلە نوێیەی گوشار لە نێوخۆ و دەرەوە بۆ سەر نیزامی دادی کۆماری ئیسلامی؟

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لەلایەن وڵاتانی ئورووپایی و شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە خرایە ژێر شەپۆلێکی نوێ لە ڕەخنە و گوشارەوە و، باڵوێزی ڕێژیم لە چەند شوێن و وڵاتان بانگ کرانە وەزارەتی دەرەوە. بەڵام زەنگی وریاکردنەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئەو کاتە لێ درا کە ئەمریکا لەگەڵ بەردەوامیی سیاسەتی ئەوپەڕی زەختی خۆی لە دژی ئێران، ئەمجارەیان دوو دادوەری دەزگای دادی ڕێژیمی سەبارەت بە بارودۆخی کارەساتباری گرتنگەکان و سزای داسەپاو بە سەر بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا خستە لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە. بەمجۆرە کۆماری ئیسلامی ئەو سیگنالەی وەرگرت کە لەو ڕەهەندەشەوە دەکرێ زەبروزیانی لێ بدرێ.

 

ئاکام:

دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی کە نەک سەربەخۆ، بەڵکوو ژێرکۆی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ و بەشێک لە دێپارتمانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانە، بێگومان یەک لە بنیات و باسکە هەرە بەهێزەکانی دەزگای سەرکوتە لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا. بۆیە ئەم جۆرە بڕیارنامە و پەسندکراوانەش نە دەتوانن پێکهاتەکەی بگۆڕن و نە دەشتوانن شەرعییەت بە ئۆرگانیزمێک  بدەن کە پشکی شێری لە خنکاندنی هەناسەی ئازادیخوازان و ماف‌ویستان لەم وڵاتەدا پێ دەبڕێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *