۴ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

خۆکوژی، مەترسییەک بۆسەر ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی/ جەمیل سەرمەستی

چاونیوز: کاتێ کەسایەتی و شوناسی مرۆڤ دەشکێ، یان باشترە بڵێین دەپرتووکێ و ئەو کەسە بەهەر هۆکارێک توانایی و هێزی ئەوەی نابێ کە ئەو شکان و پەرتووکانە ڕێک بخاتەوە و بێهیوایی و بێهێزی بەسەریدا زاڵ دەبێ، لە ڕووی ناچارییەوە جەستە و فیزیکی خۆی وەکوو تەنیا شتێک دەبینێ کە دەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێ و ڕق و بێزاریی خۆی بەسەردا بەتاڵ بکاتەوە. لەو بارودۆخەدا دەروونێکی پەڕتووکاو هانی دەدا هێرش بکاتە سەر جەستەی خۆی و نەیهێلێ و بیهاڕێ، هۆکارەکانیش دەکرێ زۆر شت بێت، لەوانە بواری کەسیەتی، ئابووری، سیاسی، خۆبەکەمزانین، نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون، هەڵاواردنی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕیژراو، جیاوازیی چینایەتیی کۆمەڵگە، ژیانێکی پڕ لە بەربەست، سەخت و تاقەت پڕووکێن و زۆری تر.
دۆرکیم، کۆمەڵناسی بەناوبانگ دەڵێ خۆکوشتن تەنگەژەیەکی کۆمەڵایەتییە و دەکرێ بڵێین کۆمەڵگە لێی بەرپرسیارە، سروشتی مڕۆڤ دوو بەشە: جەستە و دەروون یان ڕەوان کە هەردوو لایەن پێڕاگەیشتنی خۆی دەوێ کە دەکرێ بڵێین پێکەوە گرێدراون و جیا نابنەوە؛ ئەگەریش لێک جیا ببنەوە دەبێتە هۆی نەخۆشیی لایەکیان و بەشەکەی تریش بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکا.
خۆکوژیی مرۆڤێک لەگەڵ ئەوەدا خەسارێکە لە خۆی و بنەماڵەی دەکەوێ هاوکات زیانێکی هەرە گەورەتر و بەرچاوترە بۆ کۆمەڵگە و دەبێ وەکوو بابەتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی چاوی لێ بکرێ و دەتوانێ زیانی گەورەتری بۆ کۆمەڵگە بەدواوە بێت.
بەداخەوە لەم دواییانەدا ئاماری خۆکوژی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە هەڵکشاندایە و بەردەوام کارەساتە ڕوو دەدا، بۆیە خوێندنەوەی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە زیانبارە ڕوانینێکی کۆمەڵناسانە و دەروونشیکارانەی دەوێ. بەسەرنجدان بە سیستمی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی زاڵ بەسەر وڵاتی ئێراندا کە بەداخەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە تا ڕاددەیەکی زۆر خۆی دەرخست و هەوڵی پەراوێز خستنی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگەی ئێران وکوردستانی بە گشتی خستە نێو بەرنامە و پلانەکانی خۆیەوە. ئەم نیزامە سیاسییە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لاوازکردنی کەسایەتی و مرۆڤایەتیی مرۆڤەکانی خستە ڕۆژەڤەوە و هەر لە سیستمی پەروەردەوە بگرە تا کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی خەریکی سازکردنی جەستەیەکی بێڕۆح و کۆمەڵگەیەکی پەڕتووکاوە بۆ ئەوەی بە باشی بتوانێ دەستەمۆی بکات؛ لەخۆرا نییە ڕۆژ بە ڕۆژ کێشە و تەنگەژەکانی کۆمەڵگە هەرکامە و لایەکی جەستە و ڕۆحی مرۆڤی ئێرانی و کوردستانی تەنیوە و خەریکە دەبێتە شێرپەنجەیەک کە ڕۆژ بە ڕۆژ چارەسەر کردنەکەی دژوارتر دەبێتەوە.
ڕوانینێکی سەرەتایی لە ئامار و داتاکانی ئەم دواییانە پێمان دەڵێن کە پارێزگاکانی کوردستان هەر لە ئیلامەوە تا ورمێ زۆرترین ئاماری خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خۆکوشتنیان لەسەر خۆیان تاپۆ کردوە و ئەوەی جێگای مەترسی و هاوکات تڕاژیدی و دڵتەزێنە، خۆکوشتنی منداڵان و مێر منداڵان و شۆڕبوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە کۆمەڵایەتی- دەروونییە بۆ خوار تەمەنی ١٠ ساڵ و ١٢ ساڵە. بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا لە کوردستان زیاتر لە ٢٦٠ کەس بە هۆکارگەلی جیاواز خۆیان کوشتوە کە ئەمەش بێجگە لە خەسارە مرۆیی و دەروونییەکانی کۆمەڵگای کوردی بۆ دوژمنیش دڵخۆشکەرە کە توانیویەتی کۆمەڵگەیەکی بێهیوا و نەخۆش بەسەرماندا بسەپێنێ، کە بێگومان بەرنامەی بۆ داڕشتوە و کاری لەسەر کردوە.
ئەم دیاردەیە ئەوەندە زەق بۆتەوە کە “محەممەد مەهدی توندگوویان”، جێگری وەزیری وەرزش و لاوانی ڕێژیم ناچار بە دەنگ بەرزکردنەوە بووە و دابەزینی تەمەنی خۆکوشتنی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی داناوە. ناوبراو هۆکاری ئەم دۆخەشی بۆ دزی و گەندەڵی بەرپرسانی ڕێژیم و بارودۆخی خراپی ئابووریی وڵات و دۆخی بژێوی ڕۆژانەی خەڵک گەڕاندۆتەوە کە بێگومان ئەمە بەشێکی بچووکی هۆکارەکەیە کە خۆشیان حاشای لێ ناکەن.
کارناسان هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕێگەدان بە چالاکیی چاودێری نەکراوی مێرمنداڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی ئەو چاولێکەرییە لەنێو چینی هەژاردا دەبێتە هۆی هیوابڕاویی مێرمنداڵ و پەنا بردنیان بۆ خۆکوشتن؛ کە دیارە بەرپرسایەتیی ئەم دۆخەش هەر لە ئەستۆی دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی وڵاتە کە نەک ئەمنیەتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزانەکانی بەلاوە گرینگ نییە؛ بەڵکوو ئەمە بە مەترسییەکیش بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێ.
لێرەدایە کە پێویستە هەموو لایەک (کۆمەڵگەی مەدەنی و تاکەکان) جیا لەو هۆکارگەلەی باسمان کرد، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا خۆ بە بەرپرسیار بزانن و بواری مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە بەهێزتر بکەن و پێکەوە هەوڵ بۆ دەربازبوون لەو واقعە تاڵە بدەن. لەبیرمان بێ کە پریشکەکانی کۆمەڵگەیەکی نەخۆش بەر هەموو توێژەکانی ئەم کۆمەڵە دەکەوێ و کۆمەڵگەی زیندووی کوردستان نابێ ئیزن بدا کۆماری ئیسلامی بیەوێ و بتوانێ پلانەکانی خۆی لەسەر جێبەجێ بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *